۱۳۹۶ بهمن ۱۸, چهارشنبه

٥٠ ساڵ زیندان بۆ ۷ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دوایە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ده‌رکرا

به‌پێی هه‌واڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان؛ لە لایەن دەزگای دادوەری ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شارەکانی ورمێ و سنە بۆ ۷ کەس لە دەست بەسەر کراوانی دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانی ئەم دوایەیی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی (هاوکاری پارتە کوردستانیەکان) بە کۆی گشتی سزای ۵۰ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپا.

"حاسڵ عەزیزی" دانیشتوی گوندی قەرە سقڵی سەر بە شاری شنۆ ٢۰ ساڵ

"سیروان رۆستەمی ” کوڕی عەلی موحەمەد ٥ ساڵ

“وەکێڵ رۆستەمی” کوڕی موحەمەد میرزا ٥ ساڵ

“عەلی کوهی” کوڕی موحەمەد عەزیز ٥ ساڵ

“بێهروز رۆستەمی” کوڕی موحەمەد ساڵەح ٥ ساڵ

“رەسوڵ عەزیزی” کوڕی ئەڵڵا موحەمەد ٥ ساڵ

“فەروان رۆستەمی” کوڕی عەلی موحەمەد ٥ ساڵ

۱۳۹۶ بهمن ۱۲, پنجشنبه

کچه ڕۆژنامەوانێکی کورد لە شاری مهاباد بانگهێشتی ئیتلاعات و هەڕەشەی قۆڵبەست کرانی لێکراوه


“نیشتمان ئەسعەدی” ڕۆژنامەوانی ناوەندی هەواڵنێری موکریان لە چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم ۲ جار بانگهێشتی ئیتلاعاتی شاری مهاباد کراوە .
دایرەی ئیتلاعاتی مهاباد پێنج شەمە ٥ی ڕێبەندانی ئەمساڵ ، بەپەیوەندێیکی تەلەفونی بۆ جاری دووهەم خاتو نیشتمان ئەسعەدی بۆ هەندێ لێپێچینەوە بۆ ڕۆژی شەمەــ دوڕۆژ دواتر ــ بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە دەکرێت .
لە هەڵوێستێکی چاوەڕووان نەکراودا لە لایەن ئیتلاعاتەوە پێی ڕادەگەێینن ، بنەماڵەکەت ئاگادارکەوە لە هاتنەکەت چونکە ئەگەری دەستبەسەرکردنت هەیە .
ناوبراو پێچەوانەی بانگهێشتنەکەی بۆ ئیتلاعات خۆی لە چوون بۆ ئیتلاعات دەبوێرێ و پێداگری کردوە کە بەبێ بەڵگەی فەرمی دادگا ڕوو لەو ناوەندە ناکات .
بەهۆی پێداگری خاتو نیشمان ئەسعەدی لە خۆ ڕادەست نەکردن ، ڕێدارانی ئیتلاعات شێلگیرتر دەبن و لە دوای هەڕەشەکردن مۆڵەتی تا ڕۆژی چوارشەمەی بۆ درێژدەکەنەوە کە خۆی ڕادەستی ئیتلاعات بکات ، دەنا دەستبەسەری دەکەن .
جاری یەکەم لە ڕۆژی ۲ی سەرماوەزدا ئەسعەدی بانگهێشتی ئیتلاعات کرابوو و داوای لێکرابوو چالاکی ڕاگەیاندنەکانی ڕاگرێت یان دەبێت پێشتر بابەت نوسراوەکانی ڕادەستی ناوەندی ئیتلاعات بکات و بەئیزنی ئەوان بنوسرێت و بڵاوبکاتەوە.
ڕۆژنامەوان نیشتمان ئەسعەدی ساڵانێکە لە بواری ژناندا چالاکی دەکات و لە یەک ساڵی ڕابردوودا هاریکاری ناوەندی هەواڵنێری موکریان کردوە .

سه‌رچاوه: کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

۱۳۹۶ بهمن ۸, یکشنبه

هیدایەت عەبدوڵاپوور خەڵکی شنۆ سزایی ئیعدامی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا

هیدایەت عەبدوڵاپوور خەڵکی شاری شنۆ بەتۆمەتی هەوڵدان بۆتێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی وئەندامەتی لەحیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران دووجار ئێعدامی بەسەردا سەپێنرا.

ناوبراو لەماوەی ۴مانگ ونیووی دەسبەسەری سەرەتایی، تەنیا ۵ خولەک لەگەڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی لەڕێی تلەفوون قسەی کردووە وناچاریش بووە بەفارسی قسە بکات.
ناوبراو توانای بیستنی یەکێک لەگوێه کانی بەهۆی ئەشکەنجەی گرانەوە لەدەست داوە وهیچ بەڵگەیەکیش کە دەری بخات ناوبراو ئەندامی حیزبی دێموکڕاتە بوونی نیێە و دانی بەو تۆمەتانەدا نەهێناوە ،بەڵام بەپێی ئەوەی سکاڵاکەی لەلایەن سپای پاسداران بۆیی هه‌ڵپێچراوه بەئێعدام مەحکووم کراوە.

۱۳۹۶ بهمن ۳, سه‌شنبه

بنەماڵەی چالاکانی سیاسی لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بانگهێشتن ده‌کرێن

بە پێی راپۆرتی ک م م ک لە رۆژانی رابردودا ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی سەقز، بۆکان، سنە و مەهاباد لە رێگای پەیوەندی تەلەفونی بنەماڵەی کۆمەڵێک لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە دەروەی وڵاتیان بانگهێشتی بنکەی هەواڵی ئیدارەی ئیتلاعات لەم شارانە بانگهێشت کراون و سەرەڕای لێپرسینەوە لە ئەندامانی بنەماڵە داوایان لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی کراوە کە دەبێت ئەو کەسانە کۆتایی بە چالاکیە سیاسیەکانیان دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرەوەی وڵات بهێنن یا خود رەزامەندی چالاکانی سیاسی بەدەست بهێنن بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران.